|
كورد ژورنالیست
|
||
هێنانه ئارای باسی خه‌باتی مه‌ده‌نی و ئیمڕۆیی به واتای له ژێر پرسیارخستن و بێ حورمه‌تی به مێژووی چه‌شنه خه‌باته‌كانی رابردو به پێی هه‌لومه‌رج له بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌لی كورددا نیه.
و پێداگری له‌سه‌ر خه‌باتی باشتر و كه‌م تێچوتر و كه‌م زیانتر بۆ ده‌ستكه‌وتی زیاتر و پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كان و به‌رده‌وامبونیان وهه‌روه‌ها شه‌ن وكه‌وكردنی ئه‌وه‌ی له پێشدا كراوه و ئه‌وه‌ی له ئێستادا ده‌كرێ و له داهاتودا چ ده‌بێ بكرێت وچۆن بكرێت له بازنه‌ی بزوتنه‌وی كوردستاندا بێ بایخ كردن و به ناڕه‌وا زانینی شه‌هید و قوربانی دان نیه به‌ڵكو گه‌ڕان به دوای چاره‌سه‌رێكی گونجاوتره بۆ پرسه گرینگه‌كان و خسارناسیه‌كی لۆژیكیانه‌ی مكانیزم و رێكاره‌كانه.ئه‌وه‌ی كه كه‌س یان كه‌سانێك پاش شه‌هیدبوونی 11 پێشمه‌رگه له سێ حیزبی كوردستانیدا ته‌نها له چه‌ند رۆژدا و له‌ده‌ره‌وه‌ی به‌ره‌كانی شه‌ڕ و له ئه‌وپه‌ڕی چاوه‌ڕواننه‌كراویه‌تیدا، هه‌ڵوێستیان وه‌رگرتووه و به شێوه‌یه‌كی ره‌خنه‌یی هه‌ندێ پرسیان هێناوه‌ته گۆڕێ به واتای خۆ به خاوه‌ن نه‌زانینی ئه‌و شه‌هیدانه و به خیانه‌ت زانینی چالاكی و كرده‌وه‌ی حیزبه‌كان نیه، به‌لیَ شه‌هیدبوون به كاره‌سات ده‌زانم و شه‌هیدبوونی هه‌ر تێكوشه‌رێكی كورد به خه‌سارێكی گه‌وره ناوده‌به‌م چما به به‌رئاوردیكی سه‌ر پێی بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت و زۆرجاران باسمان كردوه كه دروستكردنی كه‌سێك كه ئاماده بێت ببێته فیدایی میلیه‌ته‌كه‌ی و ژیانی ئه‌سته‌م و پڕ له ره‌نجی پێشمه‌رگایه‌تی قه‌بول بكات و ته‌ڤلی خه‌باتێكی پیرۆز بێت و هه‌موو ژیانی بۆ ته‌رخانبكات چه‌نده‌ی كات ده‌وێ و ئه‌و هێزانه‌مان چه‌نده كه‌من.
من به نیسبه‌تی ئه‌و یادداشته‌ی خۆمه‌وه گه‌ر بمه‌وێت وه‌ڵامی ئه‌و ئازیزانه و له‌وانه كاك "ئازاد به‌هین" بده‌مه‌وه كه ره‌خنه‌یان گرتووه ده‌بێ بڵێم كه هیچكات باسم له ناڕوایی ئه‌و پارتانه نه‌كردوه و هه‌میشه‌ش به پارت و حیزبی گه‌لم زانیوون و دوراو دور و نزیكاو نزیك ئاگام لێیان بووه و ته‌عقیبی كار و چالاكی و سیاسه‌ته‌كانیانم كردوه.
من كوا برای به‌ڕیزم وتوومه ئه‌و شه‌هیدانه ناره‌وان، ره‌خنه‌ی من له سه‌رتاسه‌ری وتاره‌كه‌مدا ره‌خنه بووه له رێكار و له شێوازێك كه ده‌كرا گونجاوتر كرابا به‌ڵێ ئێستاش ده‌ڵێم سه‌رده‌مانێك هه‌بووه كه خه‌باتی چه‌كداری كاری پێویستی كردوه به هه‌موو خه‌سار و ده‌رئه‌نجامه‌كانیشیه‌وه توانیویه‌تی كاریگه‌ر بێت ئه‌گه‌ر چی ئێمه‌ی كورد به‌رده‌وام شه‌ڕمان به سه‌ردا سه‌پاوه و ئه‌وشی كه كردبێتمان به راستی به‌رگری ره‌وا (دفاع مشروع ) بووه بۆ ئه‌م یه‌كه‌ش پیاسه‌یه‌ك به ئه‌رشیف و راگه‌یه‌ندراو و رۆژنامه و گۆڤاری حیزبه‌كان ئه‌وه‌مان بۆ ده‌سه‌لمێنی كه كورد شه‌رخۆاز نه‌بووه و شه‌ری چه‌كداری وه‌ك دواهه‌مین گوزینه‌و و یه‌ك له رێگاكانی خه‌بات هه‌ڵبژاردوه ئه‌وه‌ی من بزانم له مێژووی خه‌باتی مودیرنی كورد له زۆربه‌ی به‌شه‌كانی كوردستان ئه‌ساسه‌ن دروستبوون و سه‌رهه‌ڵدانی پارته‌كانمان سه‌ره‌تا بۆ شه‌ڕ نه‌بووه و پشتی ناچاربوونیان ه‌ستیان بۆ چه‌ك بردوه نه‌ك وه‌ك یه‌كه‌م هه‌نگاو و یه‌كه‌م ئاڵترنانتیڤ.
كاك ئازاد وا ده‌زانێ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ده‌ڵێن باهه‌زینه‌ی بێ ده‌سكه‌وت نه‌ده‌ین هیچ ئاگایان له ئێستا و وه‌ك ئه‌و له نمونه‌كانیدا پێداگری له‌سه‌ر ده‌كا روداوه‌كانی ئه‌و دواییانه‌ی ئێران نیه كوا ئێمه ده‌ڵێین خه‌باتی مه‌ده‌نی قوربانی ناوێت و له‌و خه‌باته‌دا كه‌س شه‌هید نابێ یان هه‌زینه نادرێ كوا وتراوه ئه‌و ده‌سه‌ڵاته كه ئێمه‌و پارته‌كانی ئێمه به‌رهه‌ڵستكاری ده‌كه‌ین ده‌سه‌ڵاتێكی باش و ئیمڕۆییه و له‌و شتانه تێ ده‌گات، من له كۆی خۆینی ئه‌و كوژراوه به ناهه‌قانه‌ی ئه‌م دواییانه‌ی ئێران و تارانم خستۆته ئه‌ستۆی نارازیان و ئه‌وانه‌ی ده‌ستیان داوه‌ته خه‌باتی مه‌ده‌نی و ئه‌و خوینه رژاوانه‌م به ناره‌وا زانیوه. به‌ڵكو زۆر جاریش پشتیوانیمان كردون و ئه‌گه‌ریش هیچمان پێ نه‌كرابێ لانیكه‌م له میدیاكاندا به پێی توانا باسمان كردوون و ئه‌و بابه‌ته‌مان وروژاندوه و به پێی پانتایی پێوه‌ندیه‌كانمان له‌گه‌ڵیان هاوخه‌می و پێوه‌ندیمان كردوه.
ئێمه‌ی كورد ئه‌زموونمان هه‌یه و شه‌هیدیشمان داوه و مێژووی خه‌باتی سیستماتیك و مودێڕنی كورد له ئێران‌دا كه ده‌گه‌رێته‌وه بۆ سه‌رده‌می پاش شه‌ڕی جیهانی دووه‌م،ئه‌وه‌مان بۆ ده‌سه‌لمێنێ به‌ڵام هه‌نووكه به‌رهه‌ق زانینی شه‌ڕی چه‌كداری و به یه‌كجاری سڕینه‌وه و وه‌لانانی خه‌باتی مه‌ده‌نی، به‌ڵی من ده‌ڵێم نه گونجاوه و زیانی زیاتری ده‌بێت.
كاك ئازاد باسی باشوری كوردستان و خه‌باتی چه‌كداری و پشتیوانی جه‌ماوه‌ر له‌و راپه‌ڕینه ده‌كات كه له ساڵی 1991 روبدا و هه‌موو ده‌ستكه‌وته‌كان به ده‌رئه‌نجامی ئه‌وه شێوه له خه‌بات ده‌زانێت ئه‌دی قه‌ت باسی كوڕه‌وه ملیۆنیه‌كه‌ی هه‌مان جه‌ماوه‌ر پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزه سه‌ركوتگه‌ره‌كانی سه‌دام ناكات باسی راگه‌یاندنی مه‌داری 36 ده‌ره‌جه و هێزه هاوپه‌یمانه‌كان و هه‌موو هژموونیه‌كان بۆ سه‌ر رژیمی به‌عس و دیكتاتۆر ناكات كه هۆكارێكی حاشا هه‌ڵنه‌گر بوون بۆ ئه‌و جه‌وه‌ی له كوردستان خولقا، به ده‌یان جاریشمان له سه‌ركرده‌كانمان له باشور بیستوه كه سپاسی هێزه‌هاوپه‌یمانه‌كان و له سه‌روی هه‌موویانه‌وه ئه‌مریكایان كردوه كه به‌شداری كاریگه‌ریان بووه له ئازادی گه‌لانی عیراق و وڵاته‌كه‌یاندا به‌ڵام كاك ئازاد هه‌موو شانازیه‌كان به ده‌رئه‌نجامی شه‌ڕی چه‌كداری ده‌زانێ كه هه‌مووكات له هه‌مان رژیمدا كرابوویه بیانوویه‌ك بۆ به‌رده‌وام بوونی سیاسه‌تی سڕینه‌وه وژینوسایدی كورد و له ئاكامدا ئه‌نفال و راگواستن و هه‌له‌بجه و ته‌عریبی لێكه‌وته‌وه.كه‌مێكیش واقیعبین بین و ببینین كه هه‌موو گره‌وه‌كه به ته‌نها شه‌ڕی چه‌كداری نه‌یبرده‌وه.
ئێمه‌ی كورد له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان كه هاوكات له گه‌ڵ گه‌لانیتری ئێران بۆ له ناوبردنی رژێمی شاهه‌نشاهی و پاشانیش بۆ وه‌ده‌ستهێنانی مافه ره‌وا و سه‌ره‌تایه‌كانمان له پاش روخانی ئه‌و رژێمه خه‌باتی مه‌ده‌نیمان ده‌ستپێكرد و كاریگه‌ری باشیشمان هه‌بوو تا ئه‌و ده‌مه‌ی ناچار نه‌كرابووین و تا ئه‌و ده‌مه‌ی به كافر ناوه‌زه‌د نه‌كراین و شه‌ڕ و جیهاد له دژمان به فه‌رمانی خومه‌ینی رانه‌گه‌یه‌ندرا شه‌ڕمان نه‌كرد و به‌رده‌وام به دوای چاره‌سه‌رێكی گونجاوتر كه زیانی كه‌متر و ده‌سكه‌وتی زیاتر بێت كه‌وتین. ئه‌و شه‌ڕه‌شمان كرد و ره‌واش بوو و من و جه‌نابیشت ئه‌گه‌ر ته‌مه‌نمان رێگای دابوو ره‌نگه به‌شدار باین به‌ڵام له نیهایتدا و پاش ئه‌و هه‌موو حه‌ماسه خولقاندن و به‌رخۆدانه ره‌وایه ده‌ستكه‌وته‌كانی ئایا كه‌متر له قوربانیدانه‌كان نه‌بوون، ئایا ئیعدامی به كۆمه‌ڵ و ره‌شبگیری و بۆ چه‌ندین ساڵ روخسارێكی ترسناك و ناشیرین له كورد دروستكردنی لێنه‌كه‌وته‌وه ئایا شه‌رێكی ماڵوێرانكه‌ر و له ده‌ستدانی به هه‌زاران كه‌سی شۆڕشگێر كه من به خه‌ساره‌ت و كاره‌ساتی ئه‌زانم و جه‌نابت "نا"ی لێنه‌كه‌توه‌وه. به‌ڵێ ئه‌و شه‌ڕ و به‌رگریانه به هه‌موو ره‌وایی و پیرۆزیه‌كانیانه‌وه بووه هۆی ملیتاریزه‌كردنی ناوچه كوردنشینه‌كان و پشتگوێ خستن و بۆ هه‌میشه له هه‌ژاری و كه‌م ده‌رامه‌تیدا هێشتنه‌وه و ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت بووه هۆی زه‌ختی زیاتر و ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ی كه بریاری گیراوانی كورد به هه‌ر بیانوویه‌ك و به هه‌ر تۆمه‌تێكی ئه‌گه‌ر یه‌كچووش له گه‌ڵ تۆمه‌تی تۆمه‌تبارانی تری ناوچه‌كانیتر بێت له‌هه‌مانكاتدا له دادگاكان سزاكان چه‌ندین ئه‌وه‌نده‌یه و چه‌ندین به‌رامبه‌ره. بووه هۆی ئه‌وه‌ی كه هه‌رده‌م خاوه‌نی ده‌یان زیندانی سیاسی بین و هه‌رده‌م به بچوكترین كارێكی فه‌رهه‌نگی تاوانی هاوكاری له‌گه‌ڵ هێزه چه‌كداره‌كانمان لێبده‌ن.
كاری چه‌كداری جه‌نابت ده‌ڵێی شوناسی دایه كورد و ئیتر كه‌س ئه‌و شوناسه‌ی لێناسێنێته‌وه هه‌موو ئه‌مانه راست، كوا من مێژینه‌ی حیزبه‌كانم خستۆته ژێر پرسیار و باسی ئه‌وه‌م كردوه كه نه‌ده‌بوو شه‌ڕی چه‌كداری بكرێ له كام دێر و وشه‌كانی یادداشته‌كه‌ی مندا نه‌فی ئه‌و شته‌كراوه ته‌نانه‌ت باسی ئه‌وه‌ش كراوه پێشتر ئه‌گه‌ر شه‌ڕیشمان ده‌كرد به راستی شه‌ڕمان ده‌كرد و ده‌سكه‌وتمان زیاتر بوو ژماره‌ی كوژراوانی دوژمن چه‌ند ئه‌وه‌نده‌ی ژماره‌ی شه‌هیده‌كانی ئێمه بوون. به‌ڵام له وه‌ها شه‌رایه‌تێكدا كه خودی حیزبه‌كانیش بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن كوا شه‌ڕی چه‌كداری و ناردنه‌وه‌ی چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌ك ئه‌توانێت به ده‌ستكه‌وت بێت، باشه له ئێستادا و له‌م جیهانه‌ی ئیمه‌دا كامه خه‌بات زیاتر پشتیوانی لێده‌كرێ لانیكه‌م له نێوان رێكخراوه جیهانی و مافی مرۆییه‌كاندا، حیزبه‌كانی ئێمه كه سالانه ده‌چنه نێو سازمانه جیهانیه‌كانی ئاشتی و ئه‌نته‌رناسیونال سوسیالیست و ده‌یانیتر خۆ به باشی تێگه‌شتوون ئه‌گه‌ر به‌رنامه‌یان و رێكاریان شه‌ڕی چه‌كداری بێت چه‌نده ته‌حویل ده‌گیرێن و چه‌نده ئه‌توانن جێگایان ببێته‌وه له‌و جێگایانه‌دا.
پێت وایه ئه‌وخه‌باته مه‌ده‌نیه كه له تاران ده‌ستی پێكرد و خه‌ڵكی به هێوری رژانه سه‌ر شه‌قامه‌كان مادام سه‌ركوتكراون و به ده‌یان كه‌سیان لێكوژراوه و به سه‌دانیان لێده‌ستگیركرا ده‌بوو یه‌كسه‌ر چه‌كیان هه‌ڵگرتبا و له دژی سوپا و به‌سیجی ئه‌و وڵاته راوه‌ستابان، بیرت له ده‌رئه‌نجامه‌كانی ئه‌و شتانه كردۆته‌وه جا خۆ كه‌سێكی وه‌ك میر حوسیه‌ن و كه‌روبی كه هه‌وادارانیان بێ چه‌ك بوون پاشی ئه‌وه‌ی كه ئه‌و شتانه رویان دا ده‌بوو زیاتر له‌وانه‌ی كه چه‌كدارن و به‌ر هه‌ڵستكارن دڵیان پربوایه و زیاتر بیریان له تۆڵه كردبایه‌وه ئه‌ی بۆ نه‌یان كرد. وه‌ك ووتم خه‌باتی مه‌ده‌نی به‌واتای ئه‌وه‌ی كه قوربانی ناده‌یت نیه به‌ڵكو به‌و واتایه دێت كه زیانی كه‌متره و به پیێ هه‌لومه‌رجه جیهانیه‌كان ئه‌توانێ ئاسۆیه‌كی رونتر و پشتیوانیه‌كی هه‌مه‌گیرتر و سه‌رتاسه‌ریتری بێت.
به تایبه‌تی بۆ ئێمه‌ی كورد دروست ئه‌و شته پڕاوپڕیه‌تی، ئێمه شه‌ری باشیشمان كرد و شه‌هیدی زۆریشمان دا و به قه‌ولی خۆت كه به دروستی ئیشاره‌ت بۆ كرد توانیمان به‌و هه‌زینه شوناسی خۆمان بناسێنین مادام ناساندومانه ئه‌دی ده‌بێ شێوازه‌كه‌ش بگۆڕێن ئه‌گه‌رچی دوژمنه‌كه‌شمان تێنه‌گات.
|
|